ڤیدیۆ.. کەمال محەمەد و مەریوان سەفادین دوێتێک بڵاودەکەنەوە

2019-10-02

8342 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ کەمال محەمەد و مەریوان سەفادین دوێتێک بڵاودەکەنەوە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا هەردوو هونەرمەند مەریوان سەفادین و کەمال محەمەد ئاماژە بەوە دەکەن، بەمنزیکانە لە نوێترین کاری هونەرییاندا پێکەوە دوێتێک بڵاودەکەنەوە.

بەبێ ئەوەی ئاماژە بە تێکستی گۆرانییەکە و ناوەکەی بکات، لەبارەی بەرهەمەکەوە مەریوان سەفادین ئەوەی ئاشکراکرد، بەرهەمەکە لە میلۆدی و میکس و ماسترینی شادمیر نامۆیە، لە ئێستادا بەشێک لە کارە هونەرییەکانی تەواوبووە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن هەردی عومەرەوە کاری وێنەگرتنی بۆ بکرێت.

هونەرمەند کەمال محەمەد لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی بەشێک لە گۆرانییەکەی بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەو بەرهەمە دەستخۆشی لە هونەرمەند مەریوان سەفادین دەکات، پێیوایە گۆرانییەکە دەچیتە ناو خەڵکەوە.

كه‌مال محه‌مه‌د ساڵى ١٩٦٠ لە شارى سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵانی هەشتاکانەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکێکە لە گۆرانیبێژە دیارەکانی کوردستان، هەوادارێکی زۆری هەیە، جگە لە سازکردنی چەندین کۆنسێرتی گۆرانی و میوزیک، چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ کلیپی تۆمارکراوی هەیە.

مەریوان سەفادین لە ساڵی ١٩٧٢ لە هەڵەبجە لەدایكبووە، لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لە شارەکە بووە و برینداربووە، دواتر چووەتە شاری سلێمانی، دوای ساڵی ١٩٩٠ چووەتە دەرەوەی وڵات و تا ئێستا لە سوید دەژی، ساڵی ١٩٩٣ دەستی بە كاری هونەری كردووە، یەکەم بەرهەمی بە ناوی "هەی باوە باوە" بڵاوكردووەتەوە، لە ڕێگەی هونەرمەند بەهجەت یەحیاوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، ئەندامی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد بووە، چەند كۆنسێرتێكیان لە شاری هەولێر و سلێمانی سازکردووە، ساڵی ٢٠٠٢ یەكەم ئەلبومی بە ناوی "دیە" بڵاوكردەوە، دووەم ئەلبوومی بە ناوی "جێژوان" بڵاوكردووەتەوە، جگە لە کۆنسێرت و ئاهەنگ و گۆرانی چەند ڤیدیۆکلیپێکی تۆمارکراوی هەیە.


زۆرترین خوێندراو