سەردێڕ:

سەنتەرى میترۆ ئیدانەی ڕێگردن لە گەڕانەوەی ڕۆژنامەنووسێک بۆ سلێمانی دەکات

لە بازگەی  هەولێر - كۆیە
فۆتۆ: 
2019-06-09

3994 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئیدانەی ئەو هەڵسوكەوتە دەكات كە كارمەندانی ئاسایشی بازگەی هەولێر - كۆیە بەرامبەر بە رۆژنامەنووس بەرزان عەلی حەمە ئەنجامیاندا و ڕێگری لێکرا بگەڕێتەوە سلێمانى.


سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئیدانەی ئەو هەڵسوكەوتە دەكات كە كارمەندانی ئاسایشی بازگەی هەولێر - كۆیە بەرامبەر بە رۆژنامەنووس بەرزان عەلی حەمە ئەنجامیاندا و ڕێگری لێکرا بگەڕێتەوە سلێمانى.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەنتەرى میترۆ ئاماژەى بەوە کردووە، ڕۆژى (٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩) كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، رۆژنامەنووس بەرزان عەلی حەمە، كە دانیشتووی شاری هەولێرە دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە بازگەی  هەولێر - كۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی بازگەكەوە پشكنینێكی چڕی لەگەڵ کراوە و دواتر بە ئۆتۆمبیلێك پێشیکەوتوون، پاشان لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە پێی راگەیەنراوە كە بۆی نییە بگەڕێتەوە شاری سلێمانی و ناچاریدەكەن بگەڕێتەوە شاری هەولێر.

ڕۆژنامەنووس بەرزان عەلى حەمە لەبارەى رووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، "كاتێك كە لە بازگەكە دەرچووم زانیم ئوتۆمبیلێكی جۆری بی ئێم دەبلیوی رەنگ رەشی تابلۆ ئەوروپی لە پێشمەوەیە، بۆیە بە ناچاری پەنامبرد بۆ ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كۆیە، دواتر لایڤێكم كردەوە و باسی رووداوەكەم كرد، بەرپرسێكی باڵای ئەمنی پەیوەندیی بە لێپرسراوی ناوچەكەوە كرد و داوای لێ كرد كە منیان تەسلیم بكەن، بەڵام لێپرسراوی ناوچەكە رازی نەبوو، دوای پێنج كاتژمێر لە مانەوەم لە ناوچەی پارتی دواتر بە هەوڵی پەیوەندییەكانی پارتی و بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی رێگەیاندام بگەڕێمەوە بۆ شاری هەولێر."

سەنتەرى میترۆ ڕوونیشیکردووەتەوە، چاوەڕوانبوون كە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش روونكردنەوە بدات لەسەر ئەو رووداوە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی پێنج رۆژ لە چاوەڕوانی هیچ روونكردنەوەیەك نەدرا.

داواشی کردووە، هیچ رێگرییەك نەكرێت لەو رۆژنامەنووسە لە سەردانی شاری سلێمانی بۆ بینینی كەسوكاری، هەموو هاوڵاتییەكی هەرێم ئازادە لە گەشتكردن بۆ هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و دەرەوە، ئەو هەڵسوكەوتانە نەگونجاوە لەگەڵ لانی كەمی مافەكانی مرۆڤ، كە هاتوچۆكردنە بە شێوەیەكی ئازاد لەناو وڵاتەكەی.

Image may contain: 1 person, closeup

بەرزان عەلى حەمە